مەسرور بارزانی: لە پشتگیریی مافە دەستوورییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە بەردەوام دەبین
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی سۆیانا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوایین گۆڕانگاری و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دۆخی پێکهاتەکان و بە تایبەتی پێکهاتەی کریستیانیان تاوتوێ کرد و سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پابەندبوونی بەردەوامی حکوومەت بە پشتگیریی مافە دەستوورییەکانی کریستیانەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی فراکسیۆنی سۆیانا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار کەلدۆ رەمزی و ئەندامییەتی پەرلەمانتاران سامی ئۆشانە و عیماد یۆخەننا .
لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانگاری و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دۆخی پێکهاتەکان و بە تایبەتی پێکهاتەی کریستیان ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا کرا.
سەرۆکی حکوومەت، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کریستیانەکان دووپاتکردەوە و جەختی لە پابەندبوونی بەردەوامی حکومەت بە پشتگیریکردنی مافە دەستوورییەکانی کریستیانەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، جەخت لە پێویستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا لە پێناو پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق.

