عادل باخەوان: لە دەستوور و واقیعدا بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان دابەش نابێت

باخەوان: دابەشبوونی هەرێمی کوردستان تەنیا دەنگۆی سۆشیاڵ میدیایە

بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەوروپی بۆ توێژینەوە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە رووی دەستووری و دامەزراوەیی و واقیعییەوە بە هیچ شێوەیەک دابەش نابێت و ئەو دەنگۆیانە تەنیا لە سۆشەڵ میدیا و هەندێک شاشەی تەلەفزیۆندا بوونیان هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆر عادل باخەوان، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەوروپی بۆ توێژینەوە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختیکردەوە، یەکێتیی خاکی کوردستان لای ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەردەمی شەریف پاشاوە تا ئێستا پرسێکی پیرۆزە و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بە خیانەتی نیشتمانی دادەنرێت، جا لەلایەن هەر حزب و کەسایەتییەکەوە ئەنجام بدرێت. 

عادل باخەوان گوتی: "لە سەرانسەری جیهاندا یەک کورد و تەنیا یەک دۆستی کوردیش نادۆزیتەوە کە لەگەڵ دابەشکردنی هەرێمی کوردستاندا بێت."

ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای ململانێکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت لە نێو پارتە ئیسلامییەکانیشدا کە یەکەم لایەن بوون بە فەرمی داوای دەوڵەتی کوردستانیان کردووە، هیچ کەسێک لەگەڵ دابەشبوونی هەرێمی کوردستاندا نییە. باخەوان روونیکردەوە، رەنگە پارتی و یەکێتی لەسەر زۆر پرس بگەنە ئاستی شکاندنی ئێسقانی یەکتری، بەڵام چەند هێڵێکی پیرۆز هەن کە کەس ناتوانێت دەستیان بۆ ببات، لە سەرووی هەموویانەوە یەکێتیی هەرێمی کوردستانە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەوروپی بۆ توێژینەوە داوای کرد جیاوازی لە نێوان گوتاری میدیایی و واقیعی سیاسیدا بکرێت. باخەوان ئاشکرایکرد: "لە هەینییەوە تا پێنجشەممە، یەک رۆژ لە هەفتەدا نییە کە لە پشت پەردەکانەوە گفتوگۆ و پەیوەندی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نەبێت."

بە بۆچوونی باخەوان، لە ساڵی 2020 تا 2026 پارتی و یەکێتی بەردەوام لە ناو یەک یاریگادا یاری دەکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و یاسایی و جیۆپۆلەتیکی لە یەکتری دەدەن.

ئاماژەی بەوە دا، ئەم دۆخە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتە بەو شێوازەی هەر لایەنێکیان دەیخوازێت، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتییان لەبارەی ئەگەری دابەشبوونی هەرێمی کوردستانەوە تووشی دڵەڕاوکێ ببن.

لەبارەی دۆسیەی جورف سەخر، باخەوان رایگەیاند، ئەم بابەتە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەی پێگە و میسداقیەتی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە.

باخەوان گوتی: "زەیدی دوو رێگەی لەبەردەمدایە؛ یان لەم تاقیکردنەوەیەدا سەردەکەوێت و دەتوانێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت من سەرۆکوەزیرانم نەک بەڕێوەبەری گشتی، یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە قەناعەتی بۆ دروست دەبێتەوە کە ئەمیش وەک پێنج سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق تەنیا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیایەکە لە چوارچێوەی ئیتاڕی تەنسیقیدا."

باخەوان روونیکردەوە، هەرچەندە جورف سەخر دەکەوێتە سنووری پارێزگای بابل کە پارێزگایەکی شیعەنشینە، بەڵام ئەم ناوچەیە تەنیا سوننەنشینە و لە ساڵی 2014ـەوە 129 هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی مافی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان نییە.

بە گوتەی باخەوان، هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 2014 داعش یەکەم شوێن کە گرتی جورف سەخر بوو و بەوەش پەیوەندیی نێوان باشووری شیعەنشین و بەغدای پچڕاند، هەر بۆیە یەکەم هەوڵی هێزە شیعەکان لەو کاتەدا کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە بووە.