کەمال محەمەد بەرهەمی نوێی "عیشق و ئازادی" بڵاوکردەوە

کەمال محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بەرهەمێکی نوێی هونەری بە ناوی "عیشق و ئازادی"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، کەمال محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە نوێیەم، هۆنراوەکەی لەلایەن هێمن موکریانییەوە نووسراوە، سالار سەلمان ئاوازی بۆ داناوە، هێمن رەسوولیان کاری موزیکیی بەرهەمەکەی ئەنجام داوە و ئاسۆ جەمال موختار دەرهێنانی بۆ کردووە، هەروەها ئازا پڕۆدەکشن کاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە."

کەمال محەمەد سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە نوێیەی گوتی، "من دەمەوێت لە رێگەی ئەم بەرهەمە هونەرییەوە خزمەتێک بە وڵات و گەلەکەم بکەم و پەیامی خۆشەویستی و ئازادی بگەیەنمە گوێگرانم، هەروەها دەمەوێ ئەو بەرهەمە هەوڵێک بێت بۆ زیندوو راگرتنی بەهای ئەو وشە و هەستە جوانانەی  لە ئەدەب و هونەری کوردیدا جێگایان هەیە."

کەمال محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لەساڵی 1960 لە سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی 1987دا، لەگەڵ کاروان عوسمان ئەلبومێکیان بڵاوکردووەتەوە بە ناوی "نائومێدی". کەمال محەممەد دوێتی لەگەڵ زۆرێک لە گۆرانیبێژانی کورد کردووە و لە دیارترینیان سالار مەحمود و عەتا ئەحمەدە.