لە کابینەی نۆیەم ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 18 بەرز بووەتەوە
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا کابینەی نۆیەم چەندان هەنگاوی گرنگی لەپێناو پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ناوە، هەوڵەکانیش بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پاك بەردەوامن.
لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، 14 هەزار و 390 مۆڵەتی ژینگەیی بە پرۆژەکان دراوە، زیاتر لە 25 هەزار پرۆژە بەدواداچوونی ژینگەییان بۆ کراوە کە تا چەند پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان بوونە، هەر پرۆژەیەکیش پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبووبێت، ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە.
لە دوایین هەنگاویشدا، بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو پاڵاوتگە نایاساییانەی کە مەرجە ژینگەییەکانیانیان تێدا نییە، ڕاستەوخۆ دادەخرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، هەوڵ دەدات ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان پتەوتر بکات؛ لەپێناو پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و پەرەپێدانی زیاتر بە کاری کشتوکاڵی، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا کارکردن لە دروستکردنی 8 بەنداو تەواو بووە و ژمارەیەک بەنداوی دیکەش لە قۆناغی دروستکردندان.
هەروەها پێویستە سەرجەم پڕۆژەکان بەلایەنی کەم %25ـی زەوییەکانیان بکەن بە سەوزایی و ئەو پڕۆژانەی کە ئاو زۆر بەکار دێنن، دەبێت یەکەی چارەکردنی ئاوی قورس لە پرۆژەکانیان دابنێن.
جگە لەمانەش سەرجەم ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە دووکەڵ و گازی ژەهراوی بەنێو هەوادا بڵاو دەکەنەوە، سەرجەم ئەو کارگانەش کە دۆستی ژینگە نین سزا دەدرێن، تا ئەو کاتەی پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان دەبن.
ئەو هەوڵانەی کابینەی نۆیەم لە بواری پاراستنی ژینگە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ زیاتر لە 18%.