پاداشتی کارمەندانی کۆمیسیۆن لە دهۆک و زاخۆ دابەش دەکرێت

لە ڕێگەی 10 بانکەوە دابەشکردنی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان، لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماهیر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ئەمڕۆ سێشەممەوە، 04-02-2025، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەست بە دابەشکردنی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت."
خالد عەباس ئاماژەی بەوەش کرد "پاداشتەکە لە ڕێگەی 10 بانکی جیاوازە دابەش دەکرێت. وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی دوو ملیار دیناری بۆ ئەو کارمەندانە خەرج کردووە کە ژمارەیان 10 هەزار و 561 کەسە."
گوتیشی: ئەو کارمەندانەی فەرمانبەر بوون، 150 هەزار دینار و ئەوانەی قوتابی یان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بوون، 250 هەزار دینار وەردەگرن.
بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن باسی لەوەش کرد "پرۆسەی دابەشکردنی پاداشتەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، واتا ئەگەر کەسێک ئەمڕۆ یان ئەم هەفتەیە نەیتوانی بچێت پاداشتەکەی وەربگرێت، تاوەکوو مانگێک مۆڵەتی لە بەر دەستە بۆ وەرگرتنی. بەڵام دەبێت خۆی بچێت وەریبگرێت، کارتی دەنگدان و کارتی نیشتمانیی پێ بێت و نابێت هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی لەجیاتی خۆی بنێرێت."
ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.