قەدەغەی هاتووچۆ لە چین گەڕایەوە

حاڵەتی نوێ لە چین تۆمار کراوە

K24- هەولێر:

قەدەغەی هاتووچۆ لە چین سەپێنرایەوە و نزیکەی 400 هەزار هاووڵاتی دەکەونە ژێر کاریگەری بڕیارەکە.

لە ناوچەی ئانکزین لە هەرێمی هێبێی، بەهۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەنرا.

بەرپرسانی چین دەڵێن، بۆ رێگریکردن لە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە، حاڵەتە کەمەکانیش بە هەند وەردەگرن.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی بی بی سی، چەند حاڵەتی نوێ لە چین تۆمارکراوە و تەنها لە بەیجینی پایتەخت، 14 حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، لە دووکانێکی خواردنەوە، کۆرۆنا بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە 311 کەس لە پایتەختی چین تووشی کۆرۆنا بوون.

لە چین تاوەکو ئێستا، 65 هەزار 188 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە و چوار هەزار و 634 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.