شاندێکی وەزارەتی شەهیدان دەچێتە گرتووخانە و مۆنیومێنتی داخاوی ئەڵمانیا

شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی گرتووخانە و مۆنیومێنتی داخاوی لە ئەڵمانیا کرد.

سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەت لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نورمبێرگ کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کاری پێکەوەیی بکەن بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، بەمەبەستی دروستکردنی پێوەندی و گۆڕینەوەی شارەزایی لە بواری ئەرشیفکردن و بەدۆکیومێنتکردن و دامەزراندنی مۆنیومێنت.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی كوردستان سەردانی گرتووخانە و مۆنیومێنتی "داخاو"ی کرد.

 نازییەکان لە ساڵی 1933دا گرتووخانەی داخاویان دروست کرد و تا ساڵی 1945دەیان هەزار نەیاری ڕژێمی نازی لە بیروڕا جیاوازە سیاسی، ئایینی، نەتەوەییەکانیان تێیدا بەند کردووە و کوشتووە. ساڵی 1965 کراوەتە مۆنیومێنت و مۆزەخانە.

گرتووخانەی داخاو، وەکو یەکێک لە سیمبوڵەکانی خۆڕاگری و دڵڕەقی، دەکرێت وەک نموونەیەک لە هەرێمی کوردستان بۆ مۆنیومێنت و یادگارییەکانی قوربانیانی سەردەمی بەعس سوودی لێ وەربگیرێت و بەهەمان شێوەی گرتووخانە و مۆنیومێنتی داخاو، ببنە شوێنێک بۆ پەروەردەی نەوەی نوێ و بەربەستێک بۆ دووبارەنەبوونەوەی دڕندەیی و تاوانەکانی لەو جۆرەی کە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دژ بە گەلی کوردستان کردوویانە.

 شاندەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێک هاتبوو لە هەریەکە لە ڕاوێژکاران کامەران عەبدوڵلا و محەممەد خدر و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئەدیب لەتیف و سیروان عەزیز و کەریم کاوە ڕایەتی.