نیوەی ئەو خاشاکەی لە دهۆک کۆدەکرێتەوە خۆراکی هاووڵاتییانە

ڕۆژانە لە دهۆک سەدان تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە کە نیوەی پاشماوەی خۆراکی هاووڵاتییانە. ئابووریناسێکیش دەڵێت: زۆرینەی ئەو کەسانەی تووشی کێشەی دارایی دەبن، ئەوانەن کە زیاتر لە پێویستیی خۆیان، خواردن داوا دەکەن یان لە ماڵەوە لێی دەنێن.
فارس محەممەد، خاوەنی خواردنگەیەکی دهۆک بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زۆرینەی ئەو هاووڵاتییانەی دێنە خواردنگەکەمان و تەنانەت دەچنە خواردنگەکانی دیکەش، بڕێکی زۆری خواردن، زیاتر لە ئاستی پێویستیی خۆیان داوا دەکەن، ئینجا چاولێکەریی بێت یان لە شەرماندا بێت، لە ئەنجامدا نیوەی لەسەر مێز دەمێنێتەوە. ئێمەش ناچار دەبین یان فڕێی بدەین یان بیدەینە چەند کەسێک تاوەکوو بۆ مریشک و مەڕ و ماڵاتەکانیان ببەنەوە."
خاوەنی ئەو خواردنگەیە باسی لەوەش کرد "ئەگەر کەسێک بڕێکی زۆری خواردن داوا بکات، بۆ خۆی و بۆ ئێمەش خراپە، چونکە ئەو پارەی خواردنێک دەدات کە دەستی لێ نادات، ئێمەش دەبێت فڕێی بدەین، چونکە کەسی دیکە نایخوات، بێجگە لەمەش دەبێت کارمەندێکمان تایبەت بکەین بە هەڵگرتنەوەی پاشماوەکان."

لە کارگەی کواشێی دهۆک کە تایبەتە بە لێکجیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک، ڕۆژانە نزیکەی 600 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، نیوەی ئەو بڕەیە پاشماوەی خۆراکی هاووڵاتییانە.
حازم عەبدی، سەرپەرشتی کارگەی کواشێ بە کوردستان24ـی گوت: "پاشماوەی خۆراک زیانی زۆری هەیە، چونکە ئاوی تێدایە و ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆریش بمێنێتەوە، گازی زیانبەخشی وەکوو میسان لێی دەردەچێت کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، بۆیە زۆر گرنگە هاووڵاتییانمان خواردنی زیادە لە ماڵەوە دروست نەکەن یان لە خواردنگەکان داوای نەکەن، تاوەکوو فڕێ نەدرێت."

لە ڕووی داراییەوە، کاوە عەبدولعەزیز، ئابووریناس پێی وایە، ئەو کەس و خێزانانەی زیاتر تووشی کێشەی دارایی دەبن، ئەوانەن کە پارەیەکی زۆر لە لێنانی خواردن لە ماڵەوە یان داواکردنی لە خواردنگەکان، زیاتر لە پێویستیی خۆیان، خەرج دەکەن؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات چاولێکەریی نەکەن و بەپێی پێویست خواردن داوا بکەن یان لێی بنێن.