سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران

سەرۆک وەزیران، سوپاسی پشوودرێژیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: حکوومەتی هەرێم، درێغی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ڕێكکەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە.

چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی و تیمەکەی کرد بۆ هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونیان بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی گشتگیری هاوسەنگ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2025، بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە نیگەرانیی و نەهامەتی مووچەخۆران، کە بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا، زەحمەتی زۆریان بینی.

هاوکات، سەرۆک وەزیران سوپاسی پشوودرێژیی مووچەخۆرانی کرد و دڵنیاییدا کە حکوومەتی هەرێم، درێغی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ڕێكکەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە.

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتووە،

هەروەها سەرۆک وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیشی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێبکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment