هەولێر.. کارەبای ژمارەیەک گەڕەکی دیکە دەبێتە 24 کاتژمێری

وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین دەکات.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین دەکات، کە بریتین لە گەڕەکەکانی (کوران، ڕزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی) و زیاتر لە 28 هەزار هاوبەشی کارەبا لەخۆگرتووە. 

وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، پێشتر گەڕەکەکانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری و سەربەستی) بە 22 هەزار هاوبەشەوە کرابوونە 24 کاتژمێری و بەم شێوەیە بەکۆی گشتی 50 هەزار هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.

وەزارەتەکە دەڵێت: لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستی پێکردووە، و لە چەند هەفتەی داهاتوودا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگایانەش دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەینە 24 کاتژمێری.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment