خارکیڤ.. لە ئەنجامی هێرشی مووشەکێکی بالیستی زیاتر لە 50 کەس کوژران و بریندار بوون

پاش هێرشێکی ڕووسیا بە مووشەکی بالیستی، دەنگی تەقینەوە لە ناوەندی شاری خارکیڤ بیسترا.
میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویان کردەوە، دوای ئەوەی مووشەکێکی بالیستی ڕووسی لە ئاسمانی خارکیڤ دەرکەوت، بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا و دەنگی تەقینەوە لە ناوەندیی شاری خارکیڤ بیسترا.
ئیدارەی سەربازیی شاری ئیزیوم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی خارکیڤ، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بالیستیدا کە بینای شارەوانیی شارەکە و نەخۆشخانەی ناوەندیی پێکاوە ، پێنج کەس کوژران و 48 کەسیش بریندار بوون.
نزیکەی سێ ساڵە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتر لە پێشڕەویدایە. ئۆکرانیاش بە مووشەک و درۆن پەلاماری پێگە سەربازی و ئابوورییەکانی ڕووسیا قووڵایی ئەو وڵاتە دەدات، لە لایەکی دیکەشەوە هەڕەشە و بڕیارەکانی ترەمپ و ئیدارەکەی هەنگاوێکی ئەرێینین بە ئامانجی ئاگربەست و دەست پێ کردنی گفتوگۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ چارە کردنی کێشەکانیان.