لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەدرێتە شۆفێران

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بەفر و بەستەڵەکی ڕێگەکان، هۆشداری دەداتە شۆفێران بۆ ئەوەی زنجیر و کەلوپەلی پێویست لە کاتی گەشتی دەرەوەی شارەکان بەکار بهێنن.

ناوەندی کەشناسی و پێشبینی ئێران، ڕایگەیاند "لە ئێوارەی دوێنێەوە شەپۆلێکی بەفربارین چەند پارێزگایەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووتەوە بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە نێوان چەند شارێک دروست بووە."

 ئەرسەلان شوکری، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای ورمێ، پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی شۆفێران کرد و ڕایگەیاندووە "لە شەوی ڕابردووەوە تیمەکانی ڕاماڵین بەردەوامن لە پاککردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکان سنووری پارێزگاکە، لە بەفر."

هەروەها ئاماژەی داوە "بەهۆی پێشبینی بارینی بەفر لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ورمێ، پێویستە شۆفێران ڕێنماییەکانی سەلامەتی ڕەچاو بکەن و لە کاتی گەشت بۆ دەرەوەی شار و نێوان شارەکان، زنجیر و پێداویستییە سەرەکییەکان بەکار بهێنن."