کەشناسێک: بەفر لە ناوەندی شارەکان دەبارێت

پسپۆڕێکی کەشناسی و بومەلەرزەزانی دەڵێت: پێشبینی دەکرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە تاوەکوو بەرەبەیانی هەینی، باران و بەفر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کەمال محەممەد، پسپۆڕی کەشناسی و بومەلەرزەزانی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکی بەهێز پێشبینی دەکەین، ئەمڕۆ پێنجشەممە تاوەکوو بەرەبەیانی هەینی، باران و بەفر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
گوتیشی: پێشبینی بارانی زستانە لە ناوەندی شارەکانیش دەکەین کە بۆ دەغڵودان باشە، هەروەها بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی ڕووسیی، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما 9 پلەی سیلیزی نزم ببنەوە. کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەفربارین لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت، لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو، قۆناغێکی دیکەی باران و بەفر دەست پێ بکاتەوە و بەفر لە ناوەندی شارەکان دەبارێت و سەرمایەکی زستانەی بەهێز ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
محەممەد کەمال دەشڵێت: ئەو شێوازە بارانەی گەیشتووەتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، شێوازێکی زستانەی لەسەرخۆییە، کە بۆ دەغڵودان و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەسوودە.
لەلایەکی دیکەوە بەشی کەشناسی هەرێمی کوردستان، لەوەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، کەشی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6-2-2025 ، ئاسمان هەوری باراناوی بێت لەگەڵ بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکان کە زیاترلەناوچە سنووریەکاندایە. هەروەها پلەکانی گەرما، 5 تا 8 پلەی نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.
ڕاشیگەیاند، کەشی سبەی هەینی، 7-2-2025، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە بارانی پچر پچر لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەروەها بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەبارێت، لەکاتەکانی درەنگانی شەو بەفر بارین درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ناوەراستی هەرێم بەشێوەی پچرپچر، هەروەها پلەکانی گەرماش نزم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 13 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 10 پلەى سیلیزى
دهۆک : 14 پلەى سیلیزى
کەرکوک : 16 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 12 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 14 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 1- پلەى سیلیزى
سۆران: 7 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 18 پلەى سیلیزى