باشترینەكانی خولی نایابی كوردستان خەڵات كران

بەپشتبەستن بە ئامار و راپرسییەكان براوەی خەڵاتەكان یەكلایی كرانەوە

ئەنوەر رەشید راهێنەری رزگاری،  جۆرجی لویس ئەستێرەی زاخۆ و دلۆڤان وەسمان یاریزانی پیشەسازی
ئەنوەر رەشید راهێنەری رزگاری، جۆرجی لویس ئەستێرەی زاخۆ و دلۆڤان وەسمان یاریزانی پیشەسازی

كوردستان24 خەڵاتی باشترینەكانی مانگی یەكی خولی نایابی كوردستانی دابەش كرد، یانەكانی گەرمیان وەكو هەمیشە پشكی شێریان لە بردنەوەی خەڵاتەكان بەركەوتووە، بەوپێیەی یانەكانی ئەو سنوورە لەم وەرزە لەسەر پلەكانی پێشەوەی ریزبەندی لە ركابەرییەكی سەخت دان.

دێسكی وەرزشی كوردستان24، بە راوێژ لەگەڵ ژمارەیەك راهێنەری ناوداری كوردستان، مانگانە خەڵاتی باشترین راهێنەر، گۆڵپارێز، یاریزان و جوانترین گۆڵ دابەش دەكات، بۆ بەخشینی هەر خەڵاتێكیش هەڵسەنگاندنێكی ورد و ئەكادیمی بۆ سەرجەم داتایەكان دەكات و پاشان بەگوێرەی دۆخی یانەكەی و ئاست و ئەنجامەكان باشترینەكان دەستنیشان دەكات.

 

باشترین راهێنەر
ئەنوەر رەشید راهێنەری یانەی رزگاری، لە مانگی 1ـی خولی نایابی كوردستان 3 بردنەوە و بەرامبەربوونێكی تۆمار كرد و تاكە راهێنەر بوو 10 خاڵی كۆكردەوە، بەمەش خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24ـی بۆ باشترین راهێنەری مانگی خولی نایابی كوردستان یەكلایی كردەوە.

ئەستێرەی مانگ
جۆرجی لویس یاریزانی پیشەگەری یانەی زاخۆ لە مانگی 1ـی خولی نایابی كوردستان ئاستێكی سەرنجراكێشی تۆمار كرد و 4 گۆڵ و ئاسیستێكی بۆ یانەكەی كرد، بەمەش لە هەڵسەنگاندنەكانی دێسكی وەرزشی كوردستان24 بەرزترین نمرەی بەدەستهێنا و خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستانی مسۆگەر كرد.

باشترین گۆڵپارێز
محەمەد سەرخێڵ، گۆڵپارێزە لاوەكەی یانەی شێروانە، ئەگەرچی لە دەستپێكی ئەم وەرزە گۆڵپارێزی دووەم و یەدەگی یانە كەلارییەكە بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات شوێنی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكی كردەوە و لەگەڵ یانەی شێروانە لە مانگی رابردوو بەشداریی 3 یاری كرد و یانەكەی لە هەر 3 یارییەكە براوە بوو تەنیا 2 گۆڵیشی لێكرا، هەڵبەت رۆڵێكی كاریگەریشی بینی لە هێشتنەوەی یانەكەی لە پێشەنگی خولی نایابی كوردستان، بەمەش محەمەد سەرخێڵی 20 ساڵان لە لایەن دێسكی وەرزشی كوردستان24 بە باشترین گۆڵپارێزی مانگی 1ـی خولی نایابی كوردستان دیاریكرا.

 

جوانترین گۆڵی مانگ
مانگی رابردوو، مانگی جوانترین گۆڵەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بوو، بەڵام ئەو گۆڵەی دلۆڤان وەسمان یاریزانی پیشەسازی لە شێروانەی تۆمار كرد دەنگی زۆرینەی راپرسییە گەورەكەی كوردستان24ـی بەدەستهێنا و بە جوانترین گۆڵی مانگی 1ـی خولی نایابی كوردستان هەڵبژێردرا.