وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بۆ کوردستان24: هەرێمێکی کوردی لە سووریا پرسێکی هەستیارە

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: لەبارەی 'هەرێمی کوردی'، ئێمە دڵنیاین کە ئەم پرسە هەستیارە و بابەتێکی ناوخۆیی کۆماری عەرەبی سووریایە، پێمان وایە کە بڕیارەکانی پەیوەست بە بوارێکی گرنگ وەک پێکهاتەی دەوڵەت دەبێ بەبێ "هاندان" لە دەرەوە و لەسەر بنەمای کۆدەنگییەکی نیشتمانی لەلایەن سوورییەکان خۆیانەوە، بدرێت.
هەینی 7ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکە بەرانبەر چارەکردنی پرسی کورد لە سووریادا، وەڵامی خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە و گوتی: هەڵوێستی ڕووسیا لەم بارەیەوە ئاشکرایە و ئێمە چەندین جار ڕامانگەیاندووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ڕێکخستنەوەی ڕوانگە بنەڕەتییەکانمان، ئێمە بڕوامان وایە کە تەنیا لە ڕێگەی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی تۆکمە لەسەر بنەمای بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییە کاریگەرەکان و گرووپە ئەتنییەکانی وڵاتەکەوە، بێگومان بە نەتەوەی کوردەوە، سەقامگیری بەردەوامی دۆخی سوریا ئەشێت مسۆگەر بکرێت و هەلومەرجی لەبار بۆ بووژانەوەی دوای ململانێکان دروست بکرێت.
هاوکات دەشڵێت: ئێمە لە پێویستی پابەندبوونی ڕژد بە بنەماکانی یەکێتی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریاوە سەرچاوە دەگرین.
لەبارەی 'هەرێمی کوردی لە سووریا'، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە دڵنیاین کە ئەم پرسە هەستیارە و بابەتێکی ناوخۆیی کۆماری عەرەبی سووریایە. پێمان وایە کە بڕیارەکانی پەیوەست بە بوارێکی گرنگ وەک پێکهاتەی دەوڵەت دەبێ بەبێ "هاندان" لە دەرەوە و لەسەر بنەمای کۆدەنگییەکی نیشتمانی لە لایەن سوورییەکانەوە بدرێت".