هێمن هەورامی و کۆنگرێسمان یوجین چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنگرێسمان یوجین ڤیندمان گوتی: بە وردی ڕوانگە و سیاسەت و ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتیم لەسەر دۆخی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو.
هەینی 7ـی شوباتی 2025، هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەگەڵ کۆنگرێسمان یوجین ڤیندمان کۆبووەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، ڕایگەیاند: بە وردی ڕوانگە و سیاسەت و ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتیم، لەسەر دۆخی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان، دۆخی عێراق و پەیوەندییەکان، دۆخی سووریا و پرسی کورد، دۆخی ئاسایشی ناوچەکە و چاوەروانییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا خستە روو.
پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، ڕایگەیاند: بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی NPB لە ئەمەریکا کرد، لە کۆبوونەوەکە بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە و ژمارەیەک لە وەزیرەکان و ئەندامانی کۆنگرێس، سەرۆکی کۆسۆڤۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا، دیپلۆمات و دوو هەزار و 500 کەسایەتی دیاری 121 وڵاتی جیاجیای جیهان و بەشداربووانی 46 ویلایەتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
باسی لەوەش کرد، لەسەر بانگهێشتی فەرمی لێژنەی هاوبەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا، بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیە کرد، کە 72ـەمین کۆبوونەوەی ساڵانەیە.
هەورامی گوتی: لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوە گرنگەدا چاوم بە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی دیار و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان کەوت و بەکورتی لەسەر دۆخی هەریمی کوردستان و ناوچەکە بیروڕامان گۆڕییەوە.