سەکۆکەی حەماس، ناتانیاهۆی توڕە کردووە

حەماس سێ بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، بەڵام ڕێوڕەسم و دیمەنی ئازادکردنیان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی توڕە کردووە و دەڵێت: وەڵاممان دەبێت.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 08-02-2025، کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی (حەماس)ـی فەڵەستینی، سێ بارمتەی دیکەی ئیسرائیلییان بە ناوەکانی (ئیلیاهو داتسۆن شەرعەبی، ئۆر ئەڤراهام لیڤی و ئۆهاد بن عامی) ئازاد کرد.
چاوەڕێ دەکرێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل 183 زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازاد بکات و بیانگەڕێنێتەوە کەرتی ڕۆژئاوا. هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ڕێگە نادەن هیچ ئاهەنگێک بەبۆنەی ئازادکردنی ئەو زیندانییە فەڵەستینییانە ڕێک بخرێت.
دیمەنی ئازادکردنی بارمتەکان، ناتانیاهۆی توڕە کرد
پێش ئەوەی ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی بکرێن، لەسەر داوای چەکدارانی قەسام، هەر سێ بارمتە ئیسرائیلییەکە چوونە سەر سەکۆیەک کە ژمارەیەک پۆستەری پێوە هەڵواسرابوو. لەسەر یەکێک لە پۆستەرەکان نووسرابوو "ئێمە تۆفانین.. ئێمە ڕۆژی داهاتووین" لەسەر یەکێکی دیکەش، وێنەیەکی ناتانیاهۆ بە غەمگینی لەگەڵ وێنەی ژمارەیەک تانکی تێکشکاوی ئیسرائیلی دەردەکەوتن.
ڕێوڕەسمەکە، بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەت ئەو پۆستەرانە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی توڕە و نیگەران کرد. نووسینگەی ناتانیاهۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە "دیمەنی ئازادکردنی سێ بارمتە ئیسرائیلییەکە لە ناوەندی غەززە زۆر نەشیاو بوو، بە دڵنیاییەوە بەبێ وەڵام تێ ناپەڕێت." دووپاتیشی کردەوە، کار بۆ گەڕاندنەوەی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکەن.
"ئاگربەست تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ"
لەلایەن خۆیەوە دەستەی "کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکانی غەززە" ئاماژەی بەوە کرد "دۆخی تەندروستیی بارمتە ئازادکراوەکان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، کاتی زیاترمان لەبەر دەستدا نەماوە و پێویسته دەستبەجێ ئەوانەی ماون، ڕزگار بکرێن."
کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، تا ڕێگە بۆ گەڕاندنەوەی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان و ئازادکردنی هەموو زیندانیانی فەڵەستینی، پابەندبوونە بە ڕێککەوتنی ئێستەی ئاگربەست و کارکردن بۆ ڕاگەیاندنی قۆناغەکانی دووەم و سێیەمی ڕێککەوتنەکە.
ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 600 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.