بۆ یەکەم جار بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی یەکەی 80 و زێرەڤانی لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن

یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، بۆیەکەم جار، ئەمڕۆ بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەی 80 و  پێشمەرگەی زێڕەڤانی لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تیمی هەژماری من، ئەم مانگە زیاتر لە 56 هەزار و 700 پێشمەرگە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن. گوتیشی، تاوەکوو ئێستا لە کۆی یەک ملیۆن مووچەخۆر 720 هەزاریان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار کراون.

ڕۆژی پێنج شەممە، 5ـی شوباتی 2025، تیمی هەژماری من بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مووچەی مانگی یەک بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری من، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

ڕاشیگەیاندبوو، مووچەکان لە کاتژمێر 8ی بەیانی دەخرێنە سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران، بۆ مووچەی مانگی یەک 275 هەزار مووچەخۆر لەو ڕێگەیەوە مووچەکانیان دابەش دەکرێت، بە جۆرێک 216 هەزار و 500 کەس لە فەرمانبەری مەدەنی و 56 هەزار و 700 پێشمەرگە لە ڕێگەی زیاتر لە 550 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز دەتوانن مووچەی مانگی یەک وەربگرن.

تیمی هەژماری من جەخت لە فراوانبوونی پڕۆژەکە دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات "تاوەکوو ئێستا لە کۆی یەک ملیۆن مووچەخۆر 720 هەزاریان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکراون، هاوکات 370 هەزار کارتی بانکی دابەش  کراون.