وەزارەتی ناوخۆ: هەوڵدەدرێت داواکارییەکانی فەرمانبەرانی سلێمانی بۆ مەرامی گوماناوی بەکار بهێنرێن

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-02-2025، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەری شاری سلێمانی بڵاو کردەوە.
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوە کردووە: "چەند ڕۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە ڕەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا ڕادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین."
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: "ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە ڕەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن."
وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردووەتەوە "سەرباری ڕێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕێگرییان لێ دەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان بێت ڕێگەی پێنادرێت."