داوا لە حکوومەتی عێراق دەکرێت بەدوای چارەنووسی ئێزیدییە ڕفێنراوەکاندا بگەڕێت

ماوەی 11 ساڵە دوو هەزار و 592 ئافرەت و پیاوی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنراون، بەو هۆیەوە داوا لە حکوومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان دەکرێت بەدواداچوون بۆ چارەنووسیان بکات.

بە گوتەی مەحما خەلیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق، "هێشتا زیاتر لە دوو هەزار و 592 کەس ئافرەت و منداڵ و پیاوی ڕفێنراو ئێزیدیی چارەنووسیان نادیارە."

گوتیشی، "زۆربەی ڕفێنراوەکان لە سووریان، هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق کراوە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بەرنامەیەک دابڕێژن بۆ گەڕاندنەوەیان، هەروەها هەنگاو بنێن بۆ دڵنیابوون لەوەی لە کەمپی هۆلن."

ئاماژەی بەوەش کرد "داعش ناوی ئێزیدییە ڕفێنراوەکانیان گۆڕیوە و زمانەکەیان لێ زەوت کردووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان زۆربەیان لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی باکووری سووریا تورکیان".

جەختیشی لەوە کردەوە کە "حکومەتی عێراق بەپێی دەستوور و یاسا پابەندە بە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هاووڵاتییانی ڕفێنراو و بێسەروشوێنکراو لە وڵاتانی جیهان کە لەلایەن داعشەوە ستەمیان لێ کراوە، بکات."

پێشووتر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا هاوکاری دارایی مانگانە بەسەر زیاتر لە سێ هەزار و 500 هاووڵاتی ئێزیدی کە لە دەستی داعش هەڵهاتوون دابەش بکات.

لە مانگی ئابی 2014 ڕێکخراوی داعش هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر قەزای شنگال کە زۆرینەی ئێزیدییە و سەدان کەسیان کوشت و سەدانی دیکەشیان ڕفاند.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 هێزی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانی شنگال لەدەستی داعش ڕزگار بکات.

لە مانگی ئابی ساڵی 2024 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "داعش هەزاران ئێزیدی کوشتووە و کردوویانە بە کۆیلە، تا ئێستاش زیاتر لە دوو هەزار و 600 ژن و کچی ئێزیدی بێسەروشوێنن."

لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی عێراق 93 گۆڕی بەکۆمەڵیان دەستنیشانکرد کە پێدەچێت پاشماوەی قوربانیانی ئێزیدی تێدابێت، کە 32 لەو گۆڕانە هێشتا لە قەزای شنگال و بەعاج هەڵنەدراونەتەوە.

لە کۆی هەزاران ئێزیدی کە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە، ڕووفاتی کەمتر لە 700 کەسیان دۆزراونەتەوە، بەڵام تەنیا 243 ڕوفات ناسراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ بنەماڵەکانیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات، داعش زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵ لە دوای خۆی بەجێ هێشتبێت کە پێدەچێت نزیکەی 12 هەزار تەرمی تێدابێت.