هەرێمی کوردستان.. لە قۆناغی دووەمدا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر زەوی وەردەگرن

فەرمانگەی مێدیا و زانیاری ڕایگەیاند: مامەڵەی وەرگرتنی قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، فەرمانگەی مێدیای و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەردا و لەژێر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەست پێدەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مامەڵەی وەرگرتنی قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندیی لەسەر ناوی زیاتر لە 300 فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان داوە, بۆ ئەوەی زەوییان پێ بدرێت.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.
ڕۆژی 27ـی 3ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە ڕۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی ڕێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.