ئاگر لە شوقەیەکی هەولێر کەوتەوە و سێ هاووڵاتی ڕزگارکران

بەهۆی سۆپاوە، ئاگر لە شوقەیەکی گەڕەکی گەلاوێژانی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش سێ هاووڵاتی و پشیلەیەکیان لە نێو ئاگرەکە ڕزگار کرد.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: بەهۆی سۆپاوە، ئاگر لە شوقەیەکی گەڕەکی گەلاوێژانی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانیان سێ هاووڵاتی لەگەڵ پشیلەیەک لەنێو ئاگرەکە ڕزگار بکەن.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو کاتەی ئافرەتێک کە بەتەنها لەو شوقەیە ژیاوە، نەوتی لە سۆپاکە کردووە ئەو کاتەی سۆپاکە پێ بووە، سۆپاکە گڕی گرتووە و ئافرەتەکەش ترساوە لە شوقەکە هاتووەتە دەرەوە و ڕای کردووە، هەر زوو دوو تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە، دواتر چوار تیمی دیکەش گەیشتنە شوێنی ڕووداو، دایکێک و منداڵێک کە لەسەربانی باڵەخانەکە بوون، ڕزگارکران، ئافرەتێکی دیکەش کە بێهۆش ببوو، ڕزگارکرا و فریاگوزاریی سەرەتایی بۆکرا، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، ئێستا باری تەندروستی جێگیر نییە و لە چاودێری چڕ دایە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی: هیچ زیانێکی گیانی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە نەبوو، دەشڵێت: پشیلەیەکیشمان ڕزگار کرد و ئۆکسجینمان پێیدا.