دەم پارتی: پرسی کورد چارە بکرێت، هیچ کێشەیەک لە تورکیا نامێنێت

دەم پارتی جەخت لە ڕاگەیاندنی پرۆسەی نوێی ئاشتی دەکاتەوە و دەڵێت: ئەگەر پرسی کورد چارە بکرێت، هیچ کێشەیەک لە تورکیا نامێنێت.

تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند "سەردانەکانی شاندی پارتەکەمان بۆ دوورگەی ئیمرالی، ئومێدیان بۆ خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستان گەڕاندووەتەوە." دووپاتیشی کردەوە "سەرەڕای دانانی قەییوم لەسەر شارەوانییە کوردییەکان و هەموو فشارەکانیش، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ڕاگەیاندنی پرۆسەی نوێی ئاشتی."

بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، "پرسی کورد، دیموکراسی و هەموو ئەو کێشانەی لە تورکیا هەن، پێکەوە پەیوەستن؛ بۆیە ئەگەر پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕابگەیەنرێت و پرسی کورد چارە بکرێت، ئاستەنگەکانی بەردەم دیموکراسی و هەموو کێشەکانی دیکەی وڵاتەکە نامێنن و چارە دەبن." 

قسەکانی هاتیمۆگولاری لە میانی گردبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەیدا بوون لە مێرسین، کە بۆ پشتیوانیی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە ژێر دروشمی "ئاشتی و ئازادی" ڕێک خرابوو. 

تاوەکوو ئێستە، شاندی دەم پارتی دوو جار، لە دوورگەی ئیمرالی لەبارەی چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بوونەوەتەوە.

هەرچەندە بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەم زووانە شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمرالی دەکەن و بۆ کۆتا جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ ئۆجەلان کۆ دەبنەوە. 

میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەش کردووە، دوای ئەو کۆبوونەوەیە، ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیامێک لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بڵاو دەکاتەوە و تێیدا داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەکات، چەک دابنێن و دەست بە دانوستانی سیاسی بکەن.

ڕوون نییە،  ئۆجەلان لە بەرانبەر چیدا داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکات؟ بەڵام ئەوەی هەمووان لەسەری کۆکن، زامنکردنی مافەکانی کوردە لەنێو دەستووری تورکیادا، لەسەرووی هەمووشیانەوە، دانپێدانان بە زمانی کوردی وەکوو زمانێکی فەرمی، ئازادکردنی بەشێکی زۆری سیاسەتمەدارە زیندانیکراوەکانی کورد، هەڵگرتنی قەییوم لەسەر شارەوانییە کوردییەکان، لەگەڵ چەندان مافی دیکە.