میسر ئەمەریکای لە ڕەت کردنەوەی پلانەکەی ترەمپ لە غەززە ئاگادار دەکاتەوە

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە واشنتن، مارکۆ ڕوبیۆ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئاگادارکردەوە وڵاتانی عەرەبی پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە غەززە و کۆنترۆڵکردنەوەی غەززە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە ڕەت دەکەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگه یاند، عەبدولعاتی لە میانەی دیدارەکەیدا لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، له واشنتن جەختی لەسەر گرنگی خێراکردنی ئاوەدانکردنەوەی غەززە کردەوە .
لە بەیاننامەکەدا لە زاری عەبدولعاتی وە هاتووە؛ بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کارکردنە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی "ئاشتی دادپەروەرانەی خوازراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەک کە وەڵامی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین بداتەوە، دیارترینیان مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەسەر هەموو خاکی نیشتمانی خۆیان".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە بەڕوونی باسی پلانەکەی ترەمپی نەکرد، بەڵام گوتی ڕوبیۆ "جەختی لە گرنگی هاوکاریی نزیک کردەوە بۆ پێشخستنی پلاندانان بۆ حوکمڕانی و ئاسایش لە غەززەی دوای شەڕ، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، حەماس هەرگیز ناتوانێت حوکمڕانی غەززە بکات یان جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات".
وەزارەتی دەرەوەی میسریش ڕایگەیاند، عەبدولعاتی بەجیا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەتەوە و لێدوانی هاوشێوەی داوە.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری میسر جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی ئاسۆیەکی سیاسی کە ببێتە هۆی یەکلاییکردنەوەی کۆتایی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل، بەگوێرەی بڕیارنامە شەرعیەتییە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەک کە گەرەنتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی لەسەر هێڵەکانی 4ـی حوزەیرانی 1967 بکات، کە قودسی ڕۆژهەڵات وەک پایتەختی وڵاتەکەی بێت، و ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستبهێنێت".