ترەمپ هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی میسر و ئوردن دەکات ئەگەر پلانی غەززە ڕەت بکەنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی میسر و ئوردنی کرد، ئەگەر پەنابەرانی فەڵەستینی وەرنەگرن بەپێی پلانەکەی بۆ ڕاگواستنی دانیشتوانی کەرتی غەززە.
ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ڕەنگە یارمەتییەکانی ئوردن و میسر ڕابگرم ئەگەر پەنابەران وەرنەگرن.
ترەمپ، پلانی خۆی بۆ کەرتی غەززە خستووەتە ڕوو، کە بریتییە لە ڕاگواستنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ میسر و ئوردن پێش ئەوەی دووبارە ئاوەدانی بکاتەوە و ئەمەریکا خاوەندارییەتی بکات.
ترەمپ، لە بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، فەڵەستینییەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ غەززە نابێت.
ئەم پلانەی ترەمپ شەرمەزارکردنێکی جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرکردەکانی ناوچەکە و جیهان دەڵێن: هەنگاوێکی لەو شێوەیە مەترسیی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات.
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە واشنتن مارکۆ ڕوبیۆ، هاوتا ئەمەریکییەکەی لە واشنتن ئاگادار کردەوە کە وڵاتانی عەرەبی پشتیوانیی فەڵەستینییەکان دەکەن و پلانی ترەمپ ڕەت دەکەنەوە بۆ دووبارە ئاوارەکردنەوەیان کۆنترۆڵکردنی غەززە لە لایەن وڵاتانی دیکەوە.
بڕیارە شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن لە واشنتن چاوی بە ترەمپ، هەروەها لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک والز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ستیڤن ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامانی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران، بکەوێت.