ترەمپ: فەڵەستینییەکان دەتوانن لە میسر و ئوردن نیشتەجێ بن

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: پێم وایە لە ئوردن و میسر شوێنێک هەر دەبێت کە فەڵەستینییەکان بتوانن تێیدا بژین. گوتیشی: ئێمە غەززە ناکڕین، تەنیا دەمانەوێت زۆر بە باشی بەڕێوەی ببەین.

سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی دیداری لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە واشنتن ڕایگەیاند: فەڵەستینییەکان لە شوێنێکی تر جگە لە غەززە بە سەلامەتی دەژین و دەزانم کە توانای گەیشتنمان بە چارەسەر هەیە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پێم وایە لە ئوردن و میسر شوێنێک هەر دەبێت کە فەڵەستینییەکان بتوانن تێیدا بژین و من بە ڕێژەی 99% باوەڕم وایە لەگەڵ میسریشدا دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە.

ترەمپ، لەبارەی غەززەوە زیاتر گوتی: ئێمە نامانەوێت غەززە بکڕین، تەنیا کۆنترۆڵی دەکەین و زۆر بە باشی بەڕێوەی دەبەین، هەروەها گەشەپێدانی غەززە کە لە ماوەیەکی داهاتوو ڕوودەدات، هەلی کارێکی زۆر بۆ ناوچەکە دەهێنێت.

کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و شای ئوردن

لای خۆیەوە شای عەبدوڵڵای دووەم، گوتی: وڵاتەکەی پێشوازیی لە دوو هەزار منداڵی نەخۆشی کەرت غەززە کرد.

لەبارەی بیرۆکەکەی ترەمپ تایبەت بە غەززە، شای ئوردن دەڵێت: وڵاتەکەی پێی وایە ڕێگایەک هەیە بۆ هێنانەدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بین تا میسریش بیرۆکەیەک لەبارەی لەخۆگرتنی دانیشتووانی غەززەوە بخاتەڕوو.

هاوکات گوتیشی: عەرەبەکان لە وەڵامی پلانەکەی ترەمپ سەبارەت بە غەززە دێنە ئەمریکا، هەروەها ئەوەی لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەمدا بێت دەیکەم.