سەرماوسۆڵە پرۆسەی خوێندنی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگرت

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و سەرسوماڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە، لە کۆی 31 پارێزگا، تەنیا لە حەوت پارێزگا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی شوباتی 2025، پرۆسەی خوێندن و دەوامی قوتابخانەکان ئاساییە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان؛ لە پارێزگاکانی ئێرانیش لە هەر یەک لە سیستان، بەلوچستان، هۆرمزگان، بوشەهر، خۆزستان، بویر ئەحمەد، پرۆسەی خوێندن ئاساییە، بە پێچەوانەشەوە لە 24 پارێزگاکەی دیکە، کە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن، جیا لە پشووی ناوەندەکانی خوێندن، سەرما دەوامی فەرمانگە حکوومییەکانیشی پەکخستووە.

لە بارەی پشووی ناوەندەکانی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە، ئەو قوتابخانانەی بە هۆی سەرما و دۆخی کەشوهەواوە کراوەتە پشوو، دەبێت بە شێوەی ئۆنلاین پابەندی خوێندن و چالاکییە پەروەردییەکان بن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سادق زیائیان، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی بۆ پێشبینی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران، هۆشداری شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانی لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە و ڕایگەیاندووە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باکوور و ناوەڕاستی ئێران دەگرێتەوە.