پیۆنگ یانگ شوێنی کۆبوونەوەی خێزانە لێکدابڕاوەکانی هەردوو کۆریای وێران کرد

سیئۆل ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، ڕایگەیاند، پیۆنگ یانگ شوێنێک لە کۆریای باکوور دەڕوخێنێت کە بۆ میوانداریی یەکگرتنەوەی خێزانەکانی ئەو دوو کۆریایە بەکار هاتووە کە دەیان ساڵ لەمەوبەر بەهۆی شەڕ و دابەش کردنی نیمچە دوورگەکە لەیەکتر جیابوونەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور گوتی: ڕووخاندنی ناوەندیی یەکگرتنەوەی خێزانە لێکدابڕاوەکان لەسەر چیای کومگانگ کارێکی نامرۆڤانەیە کە چاوپۆشیی لە خواستی دڵسۆزی خێزانە دابڕاوەکان دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆریای باشوور داوا لە پیۆنگ یانگ دەکات، دەستبەجێ ئەم کارانە ڕابگرێت و داوای لێبوردنیش بکات.
گوتەبێژی کۆریای باشوور جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم ڕووخاندنە تاکلایەنەیە لەلایەن کۆریای باکوورەوە لە هیچ بارودۆخێکدا پاساو نادرێتەوە و پێویستە دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوور بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم دۆخە لە ئەستۆ بگرن.
لە ساڵی 1988وە زیاتر لە 133 هەزار و 600 هاووڵاتیی کۆریای باشوور خۆیان وەک ئەندامی خێزانی لێکدابڕاو ناویان تۆمار کردووە، واتە کەسوکاریان لە باکوور هەیە.
هەندێک لە خێزانەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵبژێردران بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوە سنووربەزێنەکان، کە لە هاوینەهەواری گەشتیاری چیای کومگانگ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوور بەڕێوە چوو.
دوایین کۆبوونەوەی لەو جۆرە لە ساڵی 2018 کرا.
ئەم کۆبوونەوانە لە مێژە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی پەیوەندییەکانی نێوان کۆریاکان و پیۆنگ یانگ، زۆرجار وەک ئامرازێکی دانوستان بەکاریان هێناوە.
