یەکێتیی ئەورووپا جەخت لە پشتیوانیی ئۆکرانیا و گەرەنتی ئەمنیی بۆ کیێڤ دەکاتەوە

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، یەکێتیی ئەورووپا جەختی لەسەر ئامادەیی بۆ بەهێزکردنی پشتیوانیی لە ئۆکرانیا و پابەندبوون بە سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "لە پشتیوانیکردنی کێڤ هاوبەشین تا گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە کە گەرەنتیی بەرژەوەندییەکانی ئۆکرانیا و بەرژەوەندییەکانی ئێمە بکات."

ڕاشیگەیاند، دەبێت ئۆکرانیا و ئەورووپا بەشێک بن لە هەر دانوستانێک و گەرەنتی ئەمنیی بەهێز بۆ کیێڤ دابین بکرێت.

ئەو لێدوانەی ئەورووپا دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، یەکەم دیداری خۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، لە سعوودیە دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتین، تێیدا ڕێککەوتن لەسەر دەست پێ کردنی دانوستانەکانی ئاشتی لەسەر ئۆکرانیا.