ناسا بە بۆنەی ڕۆژی ڤالانتاینەوە، چەپکە گوڵێکی هەزاران ئەستێرەیی نمایش دەکات!

وێنەی چەپکەگوڵێکی پێکهاتوو لە هەزاران ئەستێرەی درەوشاوە کە بە تیشکی سینیی لە قووڵایی کەشکەلاندا گیراوە، گەیشتە زەوی. ئەم چەپکەگوڵە سەرسووڕهێنەرە، ناسراوە بە 30 دۆرادۆس.

سەرجەم داتا شین و سەوزەکانی تیشکی سینیی وێنەکە، لە ڕوانگەی چاندرای سەربە ناسا، لەگەڵ داتا وێنەییە ڕەنگ زەردەکانی تەلیسکۆپی هەبل و داتا ڕادیۆییەکانی کۆمەڵەی ئەتاکامای قەبارە ملیمەتر بۆ خوارملیمەتری ڕەنگ پرتەقاڵی، پێکەوە کۆکرانەوە و ئەم وێنە زیندووە ئەستێرەییان لێ دەرکەوت.

30 دۆردۆس، یان ئەوەی بە تۆڕی جاڵجاڵۆکەش ناسراوە، 160 هەزار ساڵی تیشکی لە گەلەئەستێرەیەکی بچووکی ناسراو بە ماجەلانی گەورە، کە  دراوسێی گەلە ئەستێرەی کاکێشانە، دوورە.

ماجەلانی گەورە، یەکێکە لە چڕترین گەلەئەستێرە کە درەوشاوەترین و زۆرترین ئەستێرەی لەخۆگرتووە، هەر بۆیە بووەتە جێسەرنجی زانایان بۆ وەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە لەدایکبوونی ئەستێرەکان.

ناسا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەو زانیاریانەی بەدەستی هێناوە لە داهاتوویەکی نزیکدا باشترین دەبن بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دەردانی تیشکی ئێکس لەو ناوچەیەی ئەستێرەکانی تێدا لەدایک دەبن.