فەهمی بورهان: ناوچە کوردستانییەکان قووڵایی ستراتیژی و ناسنامەی نەتەوەییمانن
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ناوچەکوردستانییەکان قووڵایی ستراتیژی و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کوردن و دەبێت کێشەکانیان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن، جەختیش دەکاتەوە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەریی نەرێنیی گەورەی لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە دروست کردووە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24 رایگەیاند "ناوچە کوردستانییەکانی وەک کەرکووک، خانەقین، شنگال، مەخموور و دەشتی نەینەوا، قەزیەی مەرکەزی و قووڵایی ستراتیژی و مێژوویی گەلی کوردن؛ بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو هەموو شۆڕش و خەباتی چەکداری و دیپلۆماسیی کورد لە پێناو یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەم ناوچانەدا بووە."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی ئەم دەڤەرانە پرسێکی نیشتمانییە و گوتی "نابێت پرسی ئەم ناوچانە تەنیا لە چوارچێوەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و بردنەوەی چوار یان پێنج کورسیی پەرلەمان لە کەرکووک یان نەینەوا کورت بکرێتەوە. ئێمە خاوەن ئیستحقاقێکی نەتەوەیی و مێژوویین، بۆیە هەر لایەنێکی سیاسی ئەگەر لە کەرکووک کورسییەکی هەبێت یان نا، ناکرێت لەو راستییە مێژوویی و نەتەوەییە کەم بکرێتەوە."
دەربارەی جێبەجێکردنی دەستوور و رێککەوتنە ئەمنییەکان، فەهمی بورهان جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ شتێک نابێتە بەدیلی دەستوور؛ بنەمای چارەسەری کێشەکان ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە، کە خۆی لە بنەڕەتدا ماددەیەکی سیاسییە نەک تەنیا یاسایی. هەرچەندە لێکتێگەیشتنی ئەمنی لە نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنانە نابنە جێگرەوەی ماددەی 140."
ناوبراو داوای کرد لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراسیدا، ئیدارەدانێکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە خانەقینەوە تا شنگال کارا بکرێت، بۆ ئەوەی بەغدا بە شێوەیەکی تاکلایەنانە و مەحکوومکەرانە بڕیار لەسەر ئەو ناوچانە نەدات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەهمی بورهان هۆشداری دا لەو مەترسییانەی کە لە بەردەم ناسنامەی ناوچە کوردستانییەکان دان و رایگەیاند "گەورەترین مەترسی، پابەندنەبوونی بەغدایە بە دەستوور و یاساکان. بۆ نموونە یاسای تایبەت بە کێشەی زەوزار دەرچووە بەڵام رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەرناکەن. هاوکات لە دوای ساڵی 2003 و دوایین سەرژمێرییەوە، گۆڕانکاریی گەورەی دیمۆگرافی رووی داوە؛ ئێستا لە کەرکووک کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە، تەنیا لە ناوچەکانی وەک حەویجە، عەباسی و زاب نزیکەی 500 هەزار کەس دەژین، کە بەشێکی ئەم گەشەسەندنە بە پلان بووە و هاوسەنگیی دیمۆگرافیی تێکداوە بە زیانی کورد و پێکهاتەی تورکمان."