سێ کەسی دیکە لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

 K24 - سلێمانی

سێ کەسی دیکە ئەمڕۆ بەهۆی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەو سێ کەسە، دووانیان ئافرەتن و ئەوەی دیکەش پیاوە. تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 60 ساڵە و دانیشتووی سلێمانین".

تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 500 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون و، بو بەو سێ کەسەی ئەمڕۆش گیانیان لەدەستداوە، 185 کەس لە سلێمانی بە کۆرۆنا مردوون.

ژمارەیەکی زۆری تووشبووانی پەتاکە لە سلێمانی لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و بەشێکیشیان پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە.

ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ تاهیر عەلی والی بەگ پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 رایگەیاندبوو: "بەداخەوە ژمارەی تووشبووان بەردەوام لە هەڵکشانە، ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا، کە رەوشیان ناجێگیرە، لەو نەخۆشخانەیەی ئێمەن و ئەوانەی رەوشیان ناجێگیرتریشە لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆن و بەگشتی زۆربەی نەخۆشەکانمان تەنگەنەفەسن و ئۆکسجینیان بۆ بەکاردەهێندرێت، کە رێژەی زۆریان گەنجن".

 

هـ.ر.