ناسنامەکەت جێ بهێلە و بەخۆڕایی پایسکلسواری بکە

لە شارۆچکەی خورماڵی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، چەند ڕۆژێکە پڕۆژەیەکی تایبەت بە پایسکلسواری بەخۆڕایی کراوەتەوە و نزیکەی 50 پایسکل دابین کراوە.

پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، ھەورامان جەلال، گوتەبێژی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕۆژەکە لەلایەن سەرمایەدارێکی هەڵەبجەوە دابین کراوە و ئێستە نزیکەی 50 پایسکل لە سەنتەری شارۆچکەی خۆرماڵ دابین کراوە.

هەورامان جەلال، گوتیشی: یەکەم جارە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە لەو سنوورە بکرێتەوە و ئامانج لە پڕۆژەکەش گرنگیدانە بە وەرزش و پاک ڕاگرتنی ژینگە، لەجیاتی لێخوڕینی ئوتومبیل، تەنانەت لە دوو ڕۆژی ڕابردوو چەند گەشتیارێک هاتوونەتە ئەو سنوورە، بە پایسکل بەنێو دەڤەرەکەدا گەڕاون.

گوتەبێژی گەشت و گوزاری هەڵەبجە، باسی لەوەش کرد: کارمەندێکی بەڕێوەبەراتییەکەمان سەرپەرشتیی گەراجی پایسکلەکان  دەکات و تەنیا ناسنامەی فەرمیی لەو کەسە وەردەگرێت، کە نیازی لێخۆڕینی پایسکلی هەبێت.

شارۆچکەی خورماڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و بەگشتی پیاوە بەتەمەنەکانی ئەو شارۆچکەیە حەزیان لە لێخوڕینی پایسکلە.