گوتەبێژی کۆشکی کرێملن: ترەمپ و پوتین بەم نزیکانە كۆ نابنه‌وه‌

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر کات و شوێنی دیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ و  ڤلادیمێر پوتین بۆ دانوستاندن لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا نەکراوە؛ ده‌شڵێت، ئۆکرانیا بەشداریی دانوستانەکان دەکات.

پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن لە چاوپیکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "دوو ڕێڕەو بۆ دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە شه‌ڕ ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە ئەوانیش: گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لەگەڵ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیا."

پیسکۆڤ باسی لەوەش نەکرد، ئاخۆ گفتوگۆی ڕاستەخۆی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەبێت یان نا، بەڵام گوتی "بە هەر شێوەیەک بێت ئۆکرانیا بەشداریی گفتوگۆکان دەکات."

هەروەها ڕاشیگەیاند "هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر کات و شوێنی دیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا نەکراوە." گوتیشی: لەوانەیە دیدارەکە دوای چەندین مانگی دیکە بێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، بە جیا نزیک کاتژمێرێک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و ڤلادیمێر پوتین کرد.

لە پەیوەندییەکەدا، ترەمپ و پوتین، گفتوگۆیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژیریی دەستکرد و بەهای دۆلار، کردبوو.

دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، بڵاوی کردووتەوە، لەگەڵ پوتین گەیشتوونەتە ڕێککەوتن کە دەستبەجێ تیمی دانوستانکار لە هەر دوو لاوە دروست بکرێت و سەردانی یەکتر بکەن.

لە بەرانبەردا، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا، دۆناڵد ترەمپی بانگهێشتی واشنتن كرد.

هاوکات دوای پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی لەگەڵ پوتین، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندیی به‌ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا كردووه‌ و بۆ ماوه‌ی نیو كاتژمێر تاوتوێی ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌م ئاشتیی له‌و وڵاته‌ كردووه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ زێلێنسکی ڕایگه‌یاندبووه، له‌گه‌ڵ تره‌مپ ڕێك كه‌وتوون له‌ داهاتوودا په‌یوه‌ندیی زیاتریان هەبێت، ئاماژه‌یشیدا، تره‌مپ هه‌ندێك ورده‌كاریی له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا بۆ باس كردووه‌.