نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 53 ملیار دۆلارمان بۆ بنیادنانەوەی غەززە پێویستە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، کارەساتی مرۆیی لەو کەرتە بەردەوامە، چەنکە شارەکە بەشێوەیەک ڕووخاوە کە چەندین ساڵیان بۆ بنیادنانەوەی پێویستە. 

خۆرخی مۆرێرا دا سیلڤا، سەرۆکی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزمەتگوزاریی پڕۆژەکان (UNOPS) گوتی: "زیاتر لە 53 ملیار دۆلارمان بۆ بنیادنانەوەی غەززە و کۆتاییهێنان بە کارەساتی مرۆیی لەو کەرتە پێویستە، بەمەش تەنیا لە سێ ساڵی سەرەتاییدا 20 ملیارمان پێویستە."

سەرۆکی (UNOPS) ڕایگەیاند، "سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، کارەساتی مرۆیی لەو کەرتە بەردەوامە، جگە لە کارەساتە مرۆییەکان، شارەکە بە شێوەیەک وێران بووە کە پێشبینی ناکرێت."

ئەمینە محەممەد، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە دا، "بۆ لابردی داروپەردووی باڵەخانەکان چەندین ساڵمان پێویستە."

هەروەها جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەی و ئازادکردنی هەموو دیلەکان دەکات.

لە 19ـی کانوونی دووەم 2025، بە نێوەندگیری ئەمەریکا، قەتەر و میسر ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕی غەززە و ئیسرائیل کە نزیک 15 مانگە بەردەوامە، بەشێکی زۆر لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانە مەدەنییەکان ڕووخاون.