زیاتر لە هەزار فەرمانبەری ئەمەریکا لە کار دوورخرانەوە

 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ئیلۆن ماسک، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی کارامەیی حکوومەتی ئەمەریکا، لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجییە نا پێویستیەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان، هەڵمەتی دەرکردنی فەرمانبەرانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو وڵاتە دەستپێکرد.

فەرمانگەی کاروباری سەربازە کۆنەکانی ئەمەریکا کە خزمەتگوزاری تەندروستی دابین دەکات، ڕایگەیاند، زیاتر لە هەزار کارمەندیان دەرکردووە، بەمەش ساڵانە زیاتر لە 98 ملیۆن دۆلار بۆ حکوومەتی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە.

هەروەها خزمەتگوزاری دارستانەکانی ئەمەریکاش ڕایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار کارمەندیان لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆی ئەمەریکی، خزمەتگوزاری دارستانەکانی ئەمەریکا بڕیارە سێ هەزار و 400 کارمەندی دیکە لە کارەکانیان دوور بخاتەوە.

لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا ئیمەیلی لە کار دوورخستنەوە بۆ بەشێک لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەک وەزارەتی پەروەردە، کارگێڕی بازرگانی بچووک، دیوانی پاراستنی دارایی بەکاربەران و ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان نێردراوە، ئەو فەرمانبەڕانەش زۆربەیان کارمەندانی نوێین و یانیش هێشتا لە تاقیکردنەوەدان.