ئیسرائیل باشووری لوبنانی بۆردومان کرد

بە پێی هەواڵی مێدیا لوبنانییەکان، ئیسرائیل، ڕێڕەوی ڕووباری لەیتانی و گوندەکانی زوبەقین و یاتریان لە باشووری لوبنان بۆردومان کردووە.

هەینی 14ـی شوباتی 2025، مێدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ڕێڕەوی ڕووباری لەیتانی و گوندەکانی زوبەقین و یاتری لە باشووری لوبنان بۆردومان کردووە.

لای خۆیەوە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکە بۆردومانی پێگە سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنانیان کردووە کە چەک و شوێنی هەڵدانی مووشەکیان تێدایە لە باشووری لوبنان، چونکە ئەو چەکانە مەترسی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر ئیسرائیل دروست کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرەڕای ڕێكکەوتنەکەش، ئیسرائیل چەند جارێک باشووری لوبنانی بۆردومان کردووە.