لووتکەی عەرەبیی لە سعوودییە تاوتوێی پلانی ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان دەکات

مێدیا سعوودییەکان ڕایانگەیاند: پێنج وڵاتی عەرەبی لووتکەیەک لە سعوودییە بەڕێوەدەبەن بۆ مەبەستی دانانی ڕێساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پلانی سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی غەززەوە.
هەینی 14ـی شوباتی 2025، مێدیا سعوودییەکان بڵاویان کردەوە، هەر یەکە لە وڵاتەکانی سعوودییە، میسر، ئیمارات، قەتەر و ئوردن لە 20ـی شوباتدا لووتکەیەک لە ڕیاز، بۆ مەبەستی دانانی ڕێساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پلانی دۆناڵد، ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان لە غەززە بەڕێوەدەبەن.
هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە، سەرکردەکانی پێنج وڵاتی عەرەبی، مەبەستیانە پێش کۆبوونەوەی بەپەلەی عەرەبی کە پێشبینی دەکرێت لە 27ـی شوبات لە قاهیرە بەڕێوەبچێت لەسەر هەمان پرس، بگەنە وەڵامێک و ڕێگەچارەیەک بۆ پلانەکەی ترەمپ سەبارەت بە غەززە.
سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی دیداری لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە واشنتن ڕایگەیاند: فەڵەستینییەکان لە شوێنێکی تر جگە لە غەززە بە سەلامەتی دەژین و دەزانم کە توانای گەیشتنمان بە چارەسەر هەیە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پێم وایە لە ئوردن و میسر شوێنێک هەر دەبێت کە فەڵەستینییەکان بتوانن تێیدا بژین و من بە ڕێژەی 99% باوەڕم وایە لەگەڵ میسریشدا دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە.
ترەمپ، لەبارەی غەززەوە زیاتر گوتی: ئێمە نامانەوێت غەززە بکڕین، تەنیا کۆنترۆڵی دەکەین و زۆر بە باشی بەڕێوەی دەبەین، هەروەها گەشەپێدانی غەززە کە لە ماوەیەکی داهاتوو ڕوودەدات، هەلی کارێکی زۆر بۆ ناوچەکە دەهێنێت.
لای خۆیەوە شای عەبدوڵڵای دووەم، گوتی: وڵاتەکەی پێشوازیی لە دوو هەزار منداڵی نەخۆشی کەرتی غەززە کرد.
لەبارەی بیرۆکەکەی ترەمپ تایبەت بە غەززە، شای ئوردن دەڵێت: وڵاتەکەی پێی وایە ڕێگایەک هەیە بۆ هێنانەدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بین تا میسریش بیرۆکەیەک لەبارەی لەخۆگرتنی دانیشتووانی غەززەوە بخاتەڕوو.
هاوکات گوتیشی: عەرەبەکان لە وەڵامی پلانەکەی ترەمپ سەبارەت بە غەززە دێنە ئەمەریکا، هەروەها ئەوەی لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەمدا بێت دەیکەم.