جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەورووپای بە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین تۆمەتبار کرد

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپا گرت، بەوەی ئازادیی ڕادەربڕینان سنووردار کردووە، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیاش قسەکانی ڕەت دەکاتەوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی قسەکردن لەبەردەم سەرکردە و دیبلۆماتەکان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ڕایگەیاند "هەڕەشە ناوخۆییەکانی ئەورووپا وەک سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، سەرکوتکردنی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە بەها دیموکراسیەکان، مەتریسیدارترە لە هەڕەشە دەرەکییەکانی ڕووسیا یان چین."
جەی دی ڤانس، ئاماژەشی دا "بەلجیکا لەسەر پۆستێکی سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکانی داخست، هاوکات ئەڵمانیا لەسەر کۆمێنتێکی دژە فیمینێزم هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتییەکانی، هەر یەک لە سوید و بەریتانیاش لەسەر سنووردارکردنی ئازادیی ئاینی تۆمەتبار کرد.
بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، قسەکانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکای ڕەت کردەوە و بە قبووڵنەکراوی ناساند.
وەزیری بەرگریی ئەلمانیا ڕایگەیاند "هێرشەکانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا تەنیا بۆ دیموکراسی ئەڵمانیا نییە، بەڵکوو هێرشە بۆ بەهای دیموکراسی لە ئەورووپا."
هەروەها گوتیشی: بەراوردکردنی ئەورووپا بە ڕژێمێکی خۆسەپێن، جێگای قبووڵ نییە.
دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ و پەیوەندییە تەلفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پێشبینییەکان بەو ئاراستەییە بوون کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەو بارەیەوە لێدوان بدات، بەڵام لە گوتارەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بەو بابەتە نەدا.