کەمیی باران کاریگەریی لەسەر گیا بەهارییەکان هەیە

پسپۆرێکی خۆراک ڕایگەیاند، ئەمساڵ کەمیی باران کاریگەریی لەسەر گیا بەهارییەکان دروست کردووە.

شەممە، 16ـی شوباتی 2025، بەدر قادر سورچی، پسپۆڕی خۆراک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر سەوزبوونی گیا بەهارییەکان هەیە، چونکە ئەو گیا بەهارییانە هەم خواردنن هەمیش دەرمانن و سەرچاوەی داهاتی خەڵکیشن.

ئەو پسپۆرە دەڵێت: ڕووەک کاتێک تووشی کەم ئاوی دەبێت، لە ڕووی کوالێتی دەرمانەوە باشتر و بەهێزترە، بەڵام لە ڕووی بەرهەمەوە زەرەر و زیانێکی زۆریان پێ دەگات. بۆ نموونە، تۆڵەکە، کە بەرزییەکەی 10سم بێت، کوالێتییەکی باشی هەیە بۆ دەرمان، بەڵام باران ببارێت، دەبێتە 50سم. کەمێک لە پێکهاتەی دەرمانییەی خۆی لە دەست دەدات.

بەدر قادر دەشڵێت: ئەمساڵ، لەبەر کەم بارانی، زۆرێک لەو گیا بەهارییانە دەگمەن دەبن و ڕەنگە هەر سەوز نەبن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو ڕووەکە سروشتییەکان درێژە پێدەری ژیانن، تۆوەکانیان لەگەڵ با و باڵندەکان دەگوازرێنەوە و دەمێنن. لەوانەیە ئەمساڵ شین نەبن. ئەوەش کاریگەری لەسەر ڕووەکە پزیشکییەکان و گیایە بەهارییە خۆراکییەکان دەبێت، کە سەرچاوەی داهاتی خەڵکن، تەنیا ئەو شوێنانەی باران گرتوویەتییەوە تێیدا تۆڵەکە بەدەر کەوتووە. 

ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ ڕێواس، کەنگر، کوارگ، کاردی و زۆرێک لە گیا بەهارییەکان بەهۆی کەمیی باران، دەگمەن دەبن.