ئۆکرانیا: هێرش کراوەتە سەر وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا هێرشی کردووەتە سەر وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت، ڕووداوەکە دروست کراوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند "ڕووسیا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ، کە بە هۆیەوە زیانێکی زۆر بە بەشی کۆنترۆڵکردنی تیشکدانەوەی ئەتۆمی گەیاندووە."
زێلێنسکی و ڕێکخراوی چاودێریی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند ''خۆشبەختانە'' دوای هێرشەکە، تیشکدانەوەی ئەتۆمیی وێستگەکە لە ئاستی ئاساییدا ماوەتەوە."
ئۆلێکساندر تیتارچوکە، ئەندازیاری وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبیل گوتی: درۆنەکە لە نێو ئەو بەشە تەقیوەتەوە کە پارێزگاریی لە بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی دەکەن.
ماریا زاخاڕۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: ئۆکرانیا بە مەبەست لە کات و ساتێکی ئاوادا، هاوکات لەگەڵ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەو جۆرە ڕووداوەی دروست کردووە.
ساڵی 1986 بەهۆی تەقینەوەیەک لە وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی ڕووی دا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی، دەیان هەزار کەس تووشی شێرپەنجە بوون و زۆریان گیانیان سپارد.