ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دەستی داعش بەردەوامە

نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دەستی داعش ڕایگەیاند، بەر لە چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئافرەتێکی ئێزدیان ئازاد کردووە و هێناویانەتەوە هەرێمی کوردستان.
شەممە 15ی شوباتی 2025، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دەستی داعش، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "بەر لە 10 ڕۆژ زانیاریمان پێگەشت کە ئافرەتێکی ئێزدی تەمەن 34 ساڵ لە وڵاتێکی دیاری کراوە لە شوێنێکی دیاری کراو، ئێمەش دەستبەجێ ئەوی لە دەستمان بوو بۆمان کرد و ئازادمان کرد."
حوسێن قائیدی گوتیشی: نووسینگەکەمان لە هەوڵ و لێکۆڵینەوەکانی لە بارەی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بەردەوامە، ئەمڕۆش ئەو ئافرەتەی بەر لەچەند ڕۆژ پێش ئێستا ئازاد کراوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەچێتەوە نێو خێزانەکەی.
بەرپرسی نووسینگە کە ئاماژەشی دا "تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و 585 کەس لە دەستی داعش ئازاد کراون."