وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و تورکیا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەقامگیریی سووریا دووپات کردەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و تورکیا لە میونشن لە کۆبوونەوەیەکدا، باسیان لە پەیوەندییە ئابوورییەکان، پرسی سووریا، دوایین دۆخی غەززە و جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا کردووە.

تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەشی دا "لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو لایەن و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا کردووە."

هەروەها جەختیش لەوە کراوەتەوە کە پێویستە لە نزیکەوە و بە هاوکاریی یەکتر پشتیوانیی لە سەقامگیری سووریا بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڕەشەکانی سەر تورکیا، ئەمەریکا و ناوچەکەدا بکەن.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی تورکیاش، لە کۆبوونەوەکەدا بابەتەکانی پیشەسازیی بەرگریی، پەیوەندییە ئابوورییەکان، پرسی سووریا، دوایین دۆخی غەززە و جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا تاوتوێ کران.

هەروەها هاکان فیدان، تێڕوانینی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکەدا خستووتە ڕوو.

 وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندوە "بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، پێویستە کێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل چارەسەر بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمەریکا، دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئاستێکی باڵا لە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ.