نموونەی خوێن لە کەسوکاری پێشمەرگە ونبووەکانی شەڕی داعش وەرگیرا

پڕۆسەی وەرگرتنی نموونەی خوێن، لە کەسوکاری پێشمەرگە ونبووەکانی شەڕی داعش کۆتایی هات و وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: تاوەکو ئێستا دیار نییە، ئەو ڕوفاتانەی لە حەویجە دۆزراونەتەوە، پێشمەرگەی ونبووی شەڕی داعش بن.
شەممە، 15ـی شوباتی 2025، یاسین کەریم، نوێنەری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە لیژنەی ڕوفاتی پێشمەرگە ونبووەکان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای سێ ڕۆژ، ئەمڕۆ کۆتایی هات بە وەرگرتنی نموونەی خوێنی 105خێزانی کەسوکاری پێشمەرگە ونبووەکانی شەڕی داعش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
نوێنەری وەزارەتی تەندروستی، گوتیشی: ئەم پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت و پێشبێنی دەکرێت، هەموو ئەو ڕوفاتانەی دەدۆزرێنەوە، نموونەی خوێن لە کەس و کاریان وەربگیرێت، بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی ڕوفاتی ئەو 17 پێشمەرگەیە لە شارۆچکەی حەویجە.
لەسەر ئەم پرسە، ئەمڕۆ شەممە، 15ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا وەزارەتی تەندروستی عێراق بە فەرمی، بە ئێمەی ڕانەگەیاندووە، ڕووفاتی ئەو 17پێشمەرگەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە حەویجە دۆزرانەوە، پێشمەرگەی ونبووی شەری داعش بن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: لە شەری داعش زیاتر لە 60 پێشمەرگە ون بوون و تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی دروست لەبارەیانەوە نییە.
13ـی شوباتی 2025، ڕوفاتی 17پێشمەرگەی شەڕی داعش لە گۆڕیکی بە کۆمەڵ لە شارۆچکەی حەویجە دۆزرایەوە.