بەریتانیا دەیەوێت نێوەندگیریی لە نێوان ئەورووپا و ئەمەریکا بکات

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەیەوێت نێوەندگیریی لە نێوان ئەورووپا و ئەمەریکادا بکات و دەڵێت: دەبێت ناتۆ و ئەمەریکا بەیەکەوە بمێننەوە و ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ڕووسیا ببنەوە.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بە (BBC)ـی بەریتانی ڕایگەیاند "وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەورووپا و ئەمەریکا بەیەکەوە بمێننەوە و بەهۆی دەستی دەرەکییەوە لێک جیا نەبنەوە."
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەشی دا "هەڕەشەی لەم جۆرە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە هەر نەوەیەکدا جارێک ڕوو دەدات، بۆیە دەبێت وڵاتانی ناتۆ و ئەمەریکا بەیەکەوە بمێننەوە و ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ڕووسیا ببنەوە."
ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوای قسەکانی کیس کیلۆگ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا، دێت کە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاندبوو "ئەورووپا بەشداریی دانوستاندنەکانی پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ناکات."
هاوکات، بڕیاریشە سەرکردەکانی ئەورووپا لە پاریس لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و بەشدارینەکردنی ئەورووپا لە گفتوگۆکاندا، کۆ ببنەوە.
ڕۆیتەرز، بڵاوی کردووەتەوە، چاوەڕێ دەکرێت سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش بەشداری لە لووتکەی پاریسدا بکات، کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بکرێت.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، لە کاتی قسەکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پەیوەندیی پێوە کردووە و بانگهێشتی وڵاتەکەی کردم."
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: منیش بە بانگهێشتەکەی ڕازیی بووم و ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو سەردانی بەریتانیا دەکەم.