دانوستانکاری پێشووی ئیسرائیل ڕەخنە لە دواکەوتنی ڕێککەوتنی غەززە دەگرێت

دانوستانکارێکی پێشووی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو حکوومەت دوو دەرفەتی لەدەست دا بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە و خێراکردنی ئازادیی بارمتەکان، ئەمەش وای کرد نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە خێرایی وەڵام بداتەوە.
ئۆرین سیتەر، دانوستانکاری ئیسرائیلی، لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستی لە تیمی دانوستانکاری ئیسرائیل کێشاندەوە، لە لێدوانێکدا کە لە کەناڵی 12ـی ئیسرائیل پەخش کرا، گوتی: دوو دەرفەتمان لەدەست دا بۆ ئیمزا کردنی ڕێککەوتنێک، لە مانگەکانی ئازار و تەمموز ی ساڵی ڕابردوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێمە هەموو شتێکمان نەکرد بۆ ئەوەی بارمتەکان بە خێرایی ئازاد بکرێن."
کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە بنەماڵەی بارمتەکان، ناتانیاهۆیان تۆمەتبار کرد بەوەی کارێکی ئەوتۆی نەکردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەها ڕێگری لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا، قەتەر و میسر، بۆ بەرژەوەندیی سیاسی تاکە کەسی کردووە.
نووسینگەی ناتانیاهۆ، لێدوانەکانی سیتەری ڕەت کردەوە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەو کەسێکی درۆزنە پڕوپاگەندە دەکات کە دەبوو پێشتر ڕێککەوتن بکرایە؛ ئەو قسانە بە تەواوی بێ بنەمان".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەگەر سەرۆک وەزیران توند نەبووایە، لانیکەم نیوەی بارمتە زیندووەکان لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی ئێستادا ئازاد نەدەکران."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "وەک چۆن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا چەندان جار ئاگادارن، حەماس بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕەتی کردەوە بەشداریی دانوستانەکان بکات و تاکە بەربەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن بوون."
نووسینگەکە ڕاشیگەیاند "هەڵوێستی پتەوی ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران لەگەڵ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بووە هۆی ملدانی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانمان و پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل."
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسیارێتی سەرەکیی ئەو بنبەستەی دانوستانەکانی ساڵی ڕابردووی لە ئەستۆی حەماسدایە.
ئێستا حەماس و ئیسرائیل قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 42 ڕۆژ، جێبەجێ دەکەن.