وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی ناوی سوودمەندانی زەوی بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا، ناوی 17 هەزار و 218 مامۆستا و فەرمانبەری سەر بە دامودەزگاکانی وەزارەتەکە، کە زەوی وەردەگرن بڵاوکردەوە.
یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوی سوودمەندانی زەوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سەرجەم دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتەکە 17 هەزار و 218، مامۆستا و فەرمانبەر، سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش دوای ئەوە هات، کە فەرمانی وەزاری ژمارە (13328) لە ڕێکەوتی (21ـی 7ـی 2024)، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرچوو تایبەت بە پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گشت دامودەزگاکانی سەر بە خوێندنی باڵا و پێدانی ڕێنمایی بۆ شێوازی پڕکردنەوەی فۆڕمەکان و چۆنیەتی شیکردنەوەی ڕێنماییەکان.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، فەرمانگەی مێدیای و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەردا و لەژێر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەست پێدەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مامەڵەی وەرگرتنی قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025, سەرچاوەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندیی لەسەر ناوی زیاتر لە 300 فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان داوە, بۆ ئەوەی زەوییان پێ بدرێت.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.
ڕۆژی 27ـی 3ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە ڕۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی ڕێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
بۆ بینینی ناوى سوودمەندان بە پێى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، کلیک لەم لینکانەی خوارەوە بکەن:
-دهۆک
-زاخۆ