بانکی ناوەندی عێراق وردەکاری کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

بانکی ناوەندی عێراقی بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا باسیان لە هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی کردووە لە بارەی چاکسازییەکانی بواری کەرتی بانکی.

یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، بانکی ناوەندی عێراقی بڵاوی کردەوە،  لە شاری دوبەی ئیمارات، کۆتاییان بە کۆبوونەوە وەرزییەکانی ساڵی 2025 لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هێناوە کە کۆمپانیاکانی وردبینی و ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی بەشدارییان تێیدا کردووە، لە کۆبوونەوەکانیشدا، ئاماژە بەو هەنگاوانە کراوە کە حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی عێراقی ناویانە بۆ چاکسازیی لە کەرتی بانکی، لەوانەش، گەشەپێدانی سیستمی دابەشکردنی نەختینەی دۆلاری ئەمەریکا لە عێراق کە چاودێری و کۆنتڕۆڵکردنی وردی نێودەوڵەتی لەسەرە، ئەو فاکتەرانەش ڕێگریی دەکەن لە بە قاچاخبردنی دۆلار، بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت: گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە گواستنەوەی پارە کراوە کە بانکی ناوەندی عێراق کردوویەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو مەترسیانەی لەو پرۆسەیەدا سەرهەڵدەدەن، دەشڵێت: ئێستا پرۆسەکە گواستراوەتەوە بانکە نێودەوڵەتییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا، بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای  کردووە، کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری پلانە چاکسازییەکانی کەرتی بانکی حکوومی و  تایبەتیان خستووەتە ڕوو، هاوکات گونجاندوویانە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان،  ئەو پلانە ئاسانکاری دەکات بۆ گونجاندنی بانکە عێراقییەکان لە تۆڕی پەیوەندییە داراییە نێودەوڵەتییەکان.

بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای  کردووە، بەو پێیەی ئەو کارانەی بانکەکان لە عێراق دەیکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە متمانەی بانکە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی بانکی عێراق، دەشڵێت: جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی دڵنیابوون لەوەی کە کەناڵە فەرمییەکانی ئەم بانکە پەسەند بکرێن.