هەرێمی کوردستان.. گەلەگورگێک ژن و مێردێک گەمارۆ دەدەن

گەلەگورگێک، ژن و مێردێک لە گۆمی فیڵاو دەور دەدەن و بەرگریی شارستانیی سۆران بە هانایان دەچێت.

یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئێوارەی ئەمڕۆ ژن و مێردێک چوونەتە گۆمی فێڵاو لە ناوچەی باڵەکایەتی چۆمان، بەڵام گەلەگورگێک دەورەی لێدابوون و نزیکەی کاتژمێرێک لەنێو خێمەدا مابوونەوە و، ترسێکی زۆریان لێ نیشتبوو.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، گوتیشی: "تیمەکانی ئێمە گەیشتنە شوێنی مەبەست و هاوسەر و هاوژینەکەیان ڕزگار کرد، هەروەها هەردووکیان دانیشتووی شاری هەولێرن و بۆ مەبەستی گەشت هاتبوونە ناوچەکە. 

کاروان میراودەلی، گەمارۆدانی ئەو ژن و مێردە لەلایەن ئەو گەلەگورگە بە ڕووداوێکی سەیر ناودەبات و دەڵێت: یەکەم جارە ڕووداوێکی لەمشێوەیە لە ناوچەکە ڕووبدات.

پیاوەکە ناوی ئەحمەد دڵشادە تەمەنی 24ساڵە و ژنەکەش ناوی فاتیمە هیوایە و  تەمەنی 24ساڵە.