سوپای ئەمەریکا سەرکردەیەکی قاعیدەی کوشت

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرکردەیەکی ڕێکخراوی "حوڕاس ئەلدین" کە سەر بە قاعیدەیە، لە سووریا کوشتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) هێرشێکی ئاسمانی وردیان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کرد و بەرپرسێکی باڵای دارایی و لۆجستیکی ڕێکخراوی حوراسەددینی سەر بە قاعیدە کوشتووە."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوامیی فەرماندەیی ناوەندییە، هاوشانی هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە، بۆ پەکخستن و لەنابردنی هەوڵی تیرۆریستان بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی هێرشەکان".
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، ناسنامەی ئەو بەرپرسە کوژراوەی ئاشکرا نەکردووە.
ڕێکخراوی "حوڕاس ئەلدین" کە ئەمەریکا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە، دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و بۆ یەکەمین جار بە فەرمیی ئاشکرای کرد کە لقی قاعیدەیە لە سووریا.
ڕێکخراوی "حوڕاس ئەلدین" لە ساڵی 2018 دامەزراوە و لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا چالاکی هەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلولی 2019 ڕێکخراوی حوڕاس ئەلدین ـی وەک "کیانێکی تیرۆریستی جیهانی دیاریکراوی تایبەت" دەستنیشان کرد.
ئەمەریکا چەندان جار بە کوژرانی سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوەی ڕاگەیاندووە.
لە مانگی ئەیلولدا، سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوو هێرشی لە سووریا کردووە و 37 "تیرۆریست"ـی کوشتووە، لەنێویاندا ئەندامانی داعش و حوڕاس ئەلدین.
مانگی ڕابردوو سوپای ئەمەریکا هەواڵی کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای حوڕاس ئەلدین بە ناوی ئەبو عەبدولڕەحمان مەکی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بڵاو کردەوە.
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا پێشتر هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیان لە چوارچێوەی زنجیرەیەک بڕیاردا ڕاگەیاندبوو کە بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، کەمتر لە دوو مانگ دوای ڕووخانی ئەسەد دراون.
ئەمەریکا، لانیکەم دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
واشنتن دووپاتی کردەوە لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە هێرشە ئاسمانییەکانی چڕتر کردووەتەوە.
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 75 پێگەی داعش لە سووریا.